ئەو ڕۆژنامەنووسەی لە زیندانی زاخۆدا بوو توانای قسەکردنی لەدەستدا

فاروق عومەر یەکێک لەو ڕۆژنامەنوسانەی زاخۆ کە لەلایەن پەدەکەوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە زیندانێکی تاکە کەسیدا بەبێ نان و ئاو و ئۆکسجینی پێویست دەستگیرکرابوو، بە وتەی براکەی دۆخی تەندروستی زۆر خراپە و توانای قسەکردنی لەدەستداوە و گورچیلەکانی وشک و سست بوون.

ڕۆژنامەنوس و چالاکوان فاروق عومەر یەکێکە لەو دەیان گەنجەی سنووری شارۆچکەی زاخۆ، کە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییەی لە ناوچەکەدا دەستیان پێکردووە، ڕۆژی هەینی ٢١ی ئەم مانگە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ زیندانی کرا، دوای ئەوەی بارودۆخی تەندروستی لە زینداندا تێکچوو و نزیک بووە لە حاڵەتی مردن سەربەستکرا.

خەتاب عومەر پارێزەری یاسایی لە شارۆچکەی زاخۆ و برای ‘فاروق عومەر’، دەربارەی دۆخی تەندروستی براکەی و هەڵویستی خانەوادەکەیان لەسەر دەستگیرکردنەکەی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

خەتاب عومەر
خەتاب عومەر

خەتاب عومەر لەبارەی دەستگیرکردنی براکەیەوە وتی: براکەم بەبێ ئاگاداریی و بڕیاری داداگا و بەبێ هیچ تۆمەتێکی یاسایی، ڕۆژی هەینی لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندانی ئاسایشی زاخۆوە، دوای دوو ڕۆژ، دەستیان بە ئەشکەنجەکردنی کردووە و خراوەتە زیندانێکی تاکەکەسی کە هیچ هەلومەرجێکی تەندروستی و پاکوخاوێنی نەبووە، نان و ئاوی پێنەدراوە و ژورەکەش ئۆکسجینی پێویستی تێدا نەبووە و تەوالێتێکیشی لەناودا بووە.

خەتاب دەڵێت:”دوای دوو ڕۆژ براکەم دۆخی تەندروستی زۆر خراپ دەبێت و لەژێردەستیاندا دەگاتە حاڵەتی مردن و بە ناچاری سەربەستی دەکەن و ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکەن و ئێمە ئاگادار دەکەنەوە، تا ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەیە و تەندروستی زۆر خراپە و توانای قسەکردنی لەدەستداوە!”.

خەتاب عومەر ئاماژەی بەوەشدا: دوای بەدواداچوونەکانم وەکوو پارێزەرێک، براکەم بەبێ هیچ تۆمەتێک و هیچ یاسایەک، بەبێ ئاگاداری دادگا و هیچ بڕیارێکیش، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، ئەگەر تۆمەتێکی یاساییشی هەبێت پیویستە پۆلیس دەستگیری بکات نەکات ئاساییش، بۆیە ئێمە دەست لە کەیسەکەی هەڵناگرین و تۆڵەی خۆمان وەردەگرینەوە، سەرەتا بەڕێگای دادگا و یاسا، ئەگەر دادگاش هیچمان بۆ نەکات، ئەوا وەک چۆن بە شەخسی  دەستگیرکراوە ئێمەش بە شەخسی تۆڵەی خۆمان وەردەگرین و کۆڵنادەین.

س.ح

Comments are closed.